#خولی #ئەفسەرانی #روکنی #فیرقەكانی ١ و ٢ لە #کۆلێژی #ئەرکان #کۆتایی #هات
راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە
لە سەر فەرمانی سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بەمەبەستی باشتر کردنی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ کردن (القيادة والسيطرة)، هەروەها یەک شێوازی ئیش کردن لە هەردووک فیرقەی وەزارەتی پێشمەرگە، فەرماندەی فیرقە و ستافی فیرقەی ١ و ٢، لەکۆلێژی ئەرکان ی وەزارەتی پێشمەرگە، بەشداری خولێکیان کرد.
ئەمڕۆ ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، لە کۆلێژی ئەرکان رێوڕەسمی کۆتایی خولی ئەفسەرانی روکنی فیرقەکانی ١ و ٢ی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.
لەسەرەتای رێوڕەسمەکەدا، لیوا روکن سالار راگری کۆلێژی ئەرکان وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا پیرۆزبایی لە ئەفسەرانی بەشداربووی خولەکە کرد، کە توانیویانە لەو ماوەیەدا بەتەواوەتی پابەندی پرۆگرامەکانی خوێندنی خولەکە بن، هەروەها بە گرنگییەوە باسی لە پرۆگرامەکە کرد، کە بیروباوەڕی سەربازی و ستراتیجیەتی سەربازی و ئامادەکردنی توانای جەنگی و جەنگی ئەلیکترۆنی و ئاسایشی گەیاندنی لەخۆ گرتبوو، هەر لە وتەکەیدا راگری کۆلێژی ئەرکان رایگەیاند: کە لەماوەی ١٥ رۆژدا ٦٠ کاتژمێر پرۆگرامەکە خوێندراوە، سوپاسی مامۆستایانی کۆلێژی ئەرکانیشی کرد، کە بە گرنگییەوە بایەخی تەواویان بە پرۆگرامی خولەکە داوە.
دواتر عەمید حسن بەڕێوەبەری مەشقی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا پیرۆزبایی لە بەشداربووانی خولەکە کرد و ئاماژەی دا بە پرۆگرامی ساڵانەی مەشق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، لە بەڕێوەبەرایەتی مەشقی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە، پرۆگرامی مەشقی هەردوو فیرقەکە دانراوە، وتیشی هەوڵ دەدەین لە ساڵی ئاییندەدا دەستەی فیرقەکان و لیوایەکان مەشق و خولی زیاتر ئەنجام بدەن.
پاشان کۆڵۆنێڵ سۆریا بەرپرسی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا رایگەیاند: کە ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، لەبەرئەوەی بۆ یەکەمین جارە هەیکەلی فیرقە لەناو هێزەکانی پێشمەرگە دادەمەزرێت و بەگرنگییەوە ئەمرۆژەی باس کرد، هەروەها رایگەیاند: کە تیمی هاوپەیمانان لەگەڵتان دەبێت، بۆئەوەی ئەو کار و ئەرکانەی کە ماون بە باشترین شێوە ئەنجامیان بدەین، وتیشی فەرماندە و ئەفسەرانی دەستەی فیرقەکان رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان گێڕاوە لە شەڕی رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا، هەروەها وتی ئەمە پلانێکە تەنیا بەم دوو فیرقەیە ناوەستین هەوڵ دەدەین لە ئاییندەدا چەند فیرقەیەکی تر دابمەزرێنین.
لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا، بڕوانامەی بەشداربوون درا بە ئەفسەرانی بەشداربووی خولەکە.
ئامانجی خولەکە بۆ باشتر کردنی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ کردن (القيادة والسيطرة) و رێکخستنی شێوازی ئیش کردن و راپەڕاندنی کار و ئەرکەکان لە هەردووک فیرقەکەدا و فیرقەکانی تریش، کە لە ئاییندەدا دادەمەزرێن، بۆئەوەی هاوڕێک و وەکو یەک بێت واتا بەیەک سیستەم کار بکەن.
شایانی باسە، لە خولەکەدا ٣٠ ئەفسەر بەشدار بوون، کە پێکهاتبوون لە فەرماندەکانی فیرقەی ١ و ٢ و ستافی ئیداری و روکنی بارەگای فیرقەکان و هەشت فەرماندەی لیوا، خولەکە بۆ ماوەی ١٥ رۆژ بوو، ئەمەش لە چوارچێوەی پرۆگرامێک رێکخراوە، کە پێشتر ئامادەکراوە.
Ещё видео!