کتێبی گەشتی ژیانم بەشی دووەم
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(وتەی خوێنەرێک)
لەپاش خۆندنەوەی گەشتی ژیانم
ئیدی خۆم بە خوێنەر دەزانم
گەشتی ژیانم، یەکێکی دیکەیە لە شاکارەکانی بیریارو فەیلەسوفی گەورەی کورد مامۆستا مەسعوود موحەممەدی (ڕەحمەتی).. گرانترین و قورسترین پەرتووکێک لە ژیانمدا خۆندبێتمەوە ئەمە بوو.. ئێستا ھەست و چێژی خوێنەرێتیم بۆ پەیدا بووەو ھەست دەکەم شتێکم خۆندۆتەوە.. گەشتی ژیانم بریتیە لە ئەزموونی پێ بە پێی ژیانی ئەو کەڵە مێردەی کورد، ڕووداوەکان و زەمەن زۆر لەسەرخۆیەو، زۆر ھێمنانە ھەنگاو دەھاوێت.. وەلێ بەداخەوە تا ساڵی ١٩٧٦ی باسکردووەو لە دوای نسکۆ و ئاشبەتاڵی شۆڕشی کوردەوە باس نەکراوە، کە نازانم ھۆکار چییە بۆ باس نەکردنی و نووسەریش ئاماژە بەوە دەکا کە لە داھاتوودا تۆماری دەکا، ئیدی نازانم درۆو دەلەسەی کوردان یا نەخۆشی و پیری و مەرگ بوونەتە ڕێگری نووسین..!
مەسعوود موحەممەد لەم پەرتووکەدا – ھاوشێوەی پەرتووکەکانی تری – زۆر سەریح و ڕاستگۆیە، جورئەت و ئازایەتی لێدەچۆڕێ، مەسعود موحەممەد – وەک خۆشی ئاماژەی پێدەکا – باسی زۆر شتی ژیانی خۆی نەکردووەو تێیپەڕاندوون، بەڵام باسی لە ھەر شتێک کردبێ، زۆر ڕاستگۆیانە درکاندوویەتی و، تەنانەت ھێندەی وورد کردۆتەوە بردوویەتییەوە سەر ڕەگەکەی.. لە ڕاستبێژی و سەراحەت و جورئەتی گوتندا دەڵێی یاداشتەکانی (پابلۆ نیرۆدا)ی شاعیرو سیاسەتمەداری (شیللی)یە.!
گەشتی ژیانم پێکھاتووە لە (٥١٥) لاپەڕەی زۆر ووردنووسراوی چڕوپڕو لاپەڕە تەنگکراو، تۆ کە ئەم (٥١٥) لاپەڕەیە دەخۆنیتەوە، وا دابنێ ڕۆمانێکی گەورەی وەک (کەلیدەر) یا (حەمەدۆک)ت تەواو کردووە، باوەڕتان ھەبێ لەو دوو ڕۆمانەش پتر زۆرترو ماندووکەرترە.. من بەش بەحاڵی خۆم (دە) بەرگەکەی (کەلیدەر) و (چوار) بەرگە گەورەکەی (حەمەدۆک) ھێندەی گەشتی ژیانم ماندوویان نەکردووم.. زۆرجار دەمویست دەستی لێبەردەم و بیخەمە قۆناغێکی تری ژیانمەوە، بەڵام سوپاس بۆ خودا وازم لێنەھێنا تا لێبوومەوە.. نزیکەی مانگێک (٣٠) ڕۆژ ھاوڕێی ئەم پەرتووکە بووم، ئینجا لێبوومەوەو تەواوم کرد..
ھەمووجار گوتوومە نووسین وەک ئەسپ سواریی وایە، گەر وریاو ھۆشیار نەبیت لە لەحزەیەکدا جڵەو و ڕەشوە لە دەستت بەردەبێ و دەگلێیت، نووسینەکانی مەسعوود موحەممەد ھەموویان – بە گەشتی ژیانیشمەوە – لەو نووسینانەن سەدان جار سوارو شارەزا بیت، ھەر دەبێت دەیان و سەدان جار بتگلێنن و بکەوی..! چونکە خۆشی ھەمیشە دەڵێت و ئەوەشی ڕوونکردۆتەوە کە ئەو بۆ نوخبە دەنووسێت، نەک بۆ عامی خەڵک..!
مەسعود موحەممەد لە گەشتی ژیانمدا وەک ئەدیب، کۆمەڵناس، دەروونناس، شاعیر، سیاسیی، شەرعڕەو، گەڕیدەو موسافیری ووڵاتان، جوتیارو فەلاحی کوردەواری و زۆر شتی تر دەردەکەوێ، واتە لەو ھەموو بوارەدا بەرھەمی پێشکەش کردووەو لە گەشتی ژیانمدا جێی کردوونەتەوە.!
ئەزموونی فرە گەورەو کاریگەری ھەیە لەگەڵ ھەموو سەرکردەوسەرۆکوەزیر و سەرۆککۆمارەکانی عێراق و ئوردون و لوبنان و میسرو ھیتر.. (وەک: عەبدولکەریم قاسم، عەبدولسەلام عارف، عەبدولرەحمان عارف، عەبدولرەحمان بەززاد، ئەحمەد حەسەن بەکر، مەلا موستەفای بارزانی، جەمال عەبدولناسر، مەلیک حوسێنی ئوردون...) وە ئەوانیش زۆر ڕێزیان گرتووە، کە من نەمبینیوە ئەو ڕێزە لە ھیچ کەسایەتییەکی تری کورد بنرێت.. مەسعود موحەممەد زۆر کاریگەرە بە ئەتەکێت و ئەدەب و میواندۆستی و ڕووخۆشی و ڕاستگۆیی دوو گەلی دونیا، گەلی (ئوردون و لوبنان)، زۆر لێیان ڕازییە، بەس نازانم ئێستا وا مابن یا نا..!
قسەکردن لەسەر گرنگی و ناوەڕۆکی گەشتی ژیانم، پیاو و کەسی شیاوی خۆی دەوێ و، بە کۆڵەوارێکی وەک (مانیا) ناکرێ، بۆیە لەوتوێژاڵەوە ئەم چەند پەیڤەم نووسی..
داواکارم لە خودای گەورە ڕۆحی بەرزە فڕۆی مەردی مەیدان مامۆستا مەسعود موحەممەد بە بەھەشتەکەی خۆی شاد بکاو، ئێمەش لەگەڵ ئەو و باوکی بەڕێزیدا کۆ بکاتەوە..
مانیا
Ещё видео!