کتێبی گەشتی_ژیانم بەشی سێیەم
خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی گەشتی ژیانم لەلایەن
D.r marwan qasim
کتێبێک کە دوێنێ تەواوم کرد و حەزم نەدەکرد کۆتایی بێ! کتێبی گەشتی ژیانم، لەنووسینی مامۆستا مسعود محمدە، کوڕی مەلای گەورەی کۆیە، لەناونیشانەکەیەوە دیارە کە باس لەگەشت و ئەزموونی ژیانی خۆی دەکات، بەڵام لەپاڵیدا چەندەها بابەتی (فەلسەفی و سیاسی و ئایینی و نەتەوەیی و کۆمەڵناسی) دەوروژێنێت، ئەم کتێبە چەند تایبەتمەندیەکی زۆر ناوازە و جیاوازتر لە ژیاننامەکانی تری هەیە هەوڵ دەدم بەکورتی لەسەر هەندێکی بدوێم.
-شێوازی نووسینی:
شێوازی نووسینەکەی زۆر تایبەتە، کوردیەکی پاراو بەجۆرێک هەموو کوردێک هەر شێوەزارێکی هەبێت لێی تێدەگات، ئەو شێوازە لەنووسینم تەنیا لە (مامۆستا هەژار) بینیوە چ لە کتێبی (چوار نامیلکەی شەریعەتی) وە چ لەوەرگێڕانی قورئانەکەی. هەروەکو دیمەنی شانۆ، نووسینەکانی دیمەنەکەت دێنێتە پێش چاو، چەندەها بابەتی پێکەنینی زۆرخۆش، لەپاڵیدا جارجارەش دیمەنی خەمناک دێنێتە سەرتەختی شانۆ، بەتایبەت لەباسی عبدالمقتدیری برای. وەچەندەها کتێب و لێکۆڵینەوەی هەیە لەسەر زمان بەگشتی و زمانی کوردی بەتایبەتی.
-فەلسەفە:
"مەسعود محمد یەکەم فەیلەسوفە بەکوردی فەلسەفە بنووسێت"، ئەمە وتەی مامۆستا (Jutiar Qaraman)ە، بەدرێژایی کتێبەکە چەندەها بابەتی فەلسەفی باس دەکات، دەربارەی خودا و بابەتە غەیبیەکان و تەنانەت فەلسەفەی زانست و فەلسەفەی مێژوو و فەلسەفەی ئەخلاق، کە تێروانینی وردی تایبەت بەخۆی هەبووە لەهەریەک لەم بابەتانەدا.
-سیاسەت:
سیاسەت پانتاییەکی زۆری کتێبەکە داگیر دەکات، چونکی خۆی کەسێکی سیاسی بووە، هەرچەند دواتر دەبێتە بێلایەن، و تا ڕاددەیەکیش لەسیاسەت دووردەکەوێتەوە و زیاتر خەریکی نووسین ولێکۆڵینەوەی زانستی دەبێ، بەڵام پێش ئەمانە بەشداری کارای هەبووە لەحکومەتە یەک لەدوای یەکەکان، لە ئەندامێکی حزبەوە بیگرە، تا دادوەری و تا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و تەنانەت وەزیریش، وە تێڕوانینەکانی لەوبوارە زۆر وردن چونکە خۆی شاهێدی سەردەمی سێ جۆر لەسیستەمی حوکمڕانی بووە، حوکمی ئینگلیز، پاشایەتی،پاشانیش کۆماری، وە نوسینەکانی (بەتایبەتی ئەوانەی ڕەخنەی لە قوتابخانە ماڕکسیەکان گرتووە) لەوبوارە لەوڵاتانی وەک و شەم و مصر و ئوردن دەنگی دابۆوە.
-نەتەوایەتی:
ئەو یەکەم شت مرۆڤ ویست بووە، تەنانەت ئەگەر نەتەوایەتیەکەی بەربەست لەبەردەم مرۆڤ بوونی دروستکردبێ دژیبووە!، هەر لەڕوانگەی مرۆڤ بوونیەوە پشتگیری کوردایەتی کردووە بەچەندەها شێواز، ئەگەر پشتگیری کرابوایە لەوانەیە کوردستان ئێستا جۆرێکی تربووایە، وەهەتا بڵێی دژی شەڕی براکوژی بووە لەهەموو سەردەمەکان.
-کۆمەڵناسی:
مسعود محمد زۆر دیقەتی هەڵسوکەوتی بەرامبەری داوە، لەوێوە چەندەها بۆچوونی کۆمەڵناسی هەڵچنیوە، بەتایبەت دیاردەکانی دینداری و خوێندەواری و ڕەوشتەکانی خەڵکی لەژێر سیستەمی پاشایەتی یان کۆماری، لەژێر دەستی ئاغایەک یان کەسێکی سەربەخۆ، ئەخلاقی کەسێک کاتێک بەتەنیا ڕەفتار دەکات و کاتێک لەناو کۆمەڵەیەکدایە، دیاردەی دزیکردن و چەندەها بابەتی کۆمەڵناسی تر.
کتێبەکە نزیکەی 750 لاپەڕەیە، بەڵام کەدەیخوێنیەوە حەزدەکەی زۆر زیاتر بێت، هێشتا زۆریشی ماوە لەسەری بڵێم، بەڵام بۆ ناسینی کتێبەکە پێم وابێ ئەوەندە بەسە.
دەتوانن کتێبەکە لەسایتی مامۆستاوە بەشێوازی pdf داونڵۆد بکەن، لەم لینکەی خوارەوە:
[ Ссылка ]
Ещё видео!