بەختیار عەلی - قەسیدەی گەڕانەوە بە دەنگی عادل عەزیز
قەسیدەی "گەڕانەوە"
کەی گۆڕی هاوڕێکانمان هەڵدەدەینەوە
بۆنی زستانە دێرینەکان دەکەین
سێبەری قامچیە شینەکان دەبینینەوە
دەمانەوێت
ماچی کچە چاو شینەکان لەسەر گۆنایان بدزین و بینێین بە ڕوومەتمانەوە
دەمانەوێت
مێخەکی سەر گۆڕەکانیان بدزین و لە باخچەکاندا بیڕوێنین
خەنجەری بەجێماوی دەستیان دەربێنین و تووڕی دەینە ڕوبارەکانەوە
تارماییە زەردەکەی ئەهریمەن ڕابگرین و سەبارەت بە گوناهەکانیان پرسیار بکەین
لەو فریشتانە بپرسین
کە وەکو کیژە بێخەمەکان
لە داڵانەکانی مردندا دێن و دەڕۆن
تا بپرسین
چەند جار خیانەتیان لێ کردووین و
چەند جار لەسەر جێگای دەستگیرانەکانمان خەوتون
چەند جار لەسەر گۆڕەکانمان پێکەنیون
چەندجار لەگەڵ دڵدارەکانمان ڕۆیشتون
کەی گۆڕی دۆستەکانمان هەڵدەینەوە
پڕ بە تارماییەکانیاندا بکەین
لەشەوی ڕووتی و کڕێوەدا
گلێنە سپیەکانیان بفڕێنین و
قژە زەردەکانیان
به گوارە و ئەنگوستیلە بگۆڕینەوە
لێیان بپرسین کەی بێدار دەبنەوە
چیرۆکی وەسێتی ساڵە چڵکنەکانیان بۆ باس بکەین
ئەو شیعرانەیان بۆ بخوێنینەوە
لەسەر دەستی خەنجەر و
دەمی شمشێر و
لولەی تفەنگەکان نوسراون
ئەو گۆرانیانەیان بۆ بڵێین
پیاوە زمانبڕاوەکان گوتویانن
تا بڵێین
خوێ لەسەر تاتەشۆرەکان ڕژاوە و
مار لە تابووتەکاندا ، پەپکی خواردووە
پێیان بڵێین
نامانەوێت بمرین
چونکە نێو گۆڕ
وەک ژووری ئوتێلە چڵکنەکان
پڕە لە سۆزانی و غەم
وەکو یاری مناڵانی قوتابخانە
پڕە لە جنێو
پڕە لە گڤەی با و سێبەری باڵندەی مردوو
پڕە لەو زەنگانەی لەناکاو بێدارمان دەکەنەوە
لەو جادووگەرانەی
گڕ لە دەمیانەوە دێتەدەرێ
نامانەوێت بمرین
دەمانەوێت تەپ و تۆزی نێو ئێسکەکانمان
پاک بکەینەوە
بە دەستەسڕەکەی منداڵی
لکەی برسێتی لەهەناومان بسڕین
چۆن بە نووکی چەقۆ
گولە لە دڵ دەردەهێنری
ترس لە ڕۆحمان دەربهێنین
دوای ئەو خانمانە بکەوین
کە وێنەی برا کوژراوەکانیان لە ملیاندایە
بازنگی دۆستە دەوڵەمەندەکانینان لەدەستیاندایە
نامانەوێت بمرین
دەمانەوێت گوڵی ڕەش
بە یەخە سپیەکانماندا بدوورین
چونکە هێشتا خوێنی ڕەشی دوێنی
بەسەر پاکی ئەمڕۆمانەوەیە
سەریکەن
ئێستاش دەسگیرانە چکۆلەکانمان
لەژێر کورسیەکاندا دەخەون
پاپۆڕە خوێناویەکاننمان
پاشەوپاش
ڕوەو ڕوبارە خوێناویەکان دەگەڕێنەوە
شەمەندەفەرە توڕەکانمان بەخێرایی
بەرەو سەردەمە دێرینەکان سەری خۆیان هەڵئەگرن
کەی هاوڕێ مردووەکانمان بێدار دەبنەوە
ئەو هاوڕێیانەی دەم و چاویان
لە گوڵی تەڕی جۆگەلەکاندا نوقمدەکرد
لەسەر شۆستەکان دەوەستان
دەتگوت گەردنە بەرزەکانیان بە تیخ سپاردووە
نێوچەوانیان بەو نێزانە سپاردووە
کە بارانیان لێ دەتکا
خوێنێکی گەرمی سپی
بەدەمارەکانیاندا دەگەڕا و
دەڕژایە ژێر کێڵگەکانەوە
دەخەوتن و قژە خاوەکەیان
لەسەر بەردەکان پەخش دەبۆوە
مانگ
چۆن لە گۆمە مەنگەکاندا دەردەکەوێ
لەنێو چاوانیاندا دەدرەوشایەوە
ڕوناکی و تاریکی وەکو پەپولە
لەسەر لێویان هەڵدەفڕین
ئەو لێوانەی تامی تیشک و تاریکیان کردبوو
دەیانزانی "با" لەکوێوە هەڵدەکا و
بەفر لە چ ساتێکدا دەبارێ
بێباکیـــــش
گوڵێکی سور بوو
لە گیرفانیاندا ڕوابوو
قەرەجی ئاورنگاوی بوو
لەدارستانەکاندا بە ڕووتی ئاگری دەکردەوە
فرمێسکیان وەکو هەنگوینی ڕەش
بەسەر گەڵای وشک و
ئاوی جۆگەکاندا دەڕژا
موروەکانی مەچەکیان
ڕژابووە خوێنی نێچیرەکانەوە
مەرگیش لەسەر درەختەکانەوە
چاوەڕێی دەکردن
بە دەنگێکی خوێناوی کز
گۆرانیان دەوت
لەژێر درەختەکاندا خۆیان وشکدەکردەوە و
دەگریان
مۆمیان لەسەر هەموو چڵەکانی دارستان دادەگیرساند و دەگریان
هەورە ڕێبوارەکانیان دەژمارد و
لەسەر مەمکی کیژۆڵە خەوتووەکان دەیاننوسی
لەسەر ئەو لێوە ناسکانە دەیاننوسی
کە فو لە چراکان دەکەن
نێوچەوانیان پڕبوو لە چڵکو برینی سەوز
هێندە چاویان بە شوشەی دوربینەکانیانەوە نوساندبوو بژانگەکانیان هەڵوەریبوو
هێندە لە درزی زیندانەکانەوە هەوایان هەڵمژیبوو لێویان شیـــــن هەڵگەڕابوو
هاوڕێکانمان
ئەو هاوڕێیانەی گەڵا بەسەر شانیاندا دەبارێ
کەی بێدار دەبنەوە
کەی دەستمان دەنێینە ژێر ڕومەتیان و هەتاو وەک شلەیەکی زەرد دەڕژێتە چنگمانەوە
کەی دەستمان دەنێینە بەر هەناسەکانیان و ئازار وەک هەڵمێکی ڕەش لەسەر پەنجەکانمان دەنیشێ
ئەوان بوون بەدوای کچی دڵ نەرم و
دایکی کوژراوەکاندا
دەستیان بە کیسەی بەختگرەوەکاندا دەکرد
لەبری بووک
لە جەژنە گەورەکاندا
بەرگی ڕەنگینیان دەکردەوە بەری درەختەکان و تەنیایی خۆیان پێدەکوشت
لەژێر چرا زەردە کزەکاندا
نەخشەی ئەم زەمینەیان واڵا دەکرد
بۆ نیشتیمانێک دەگەڕان
لەبەر هەتاوەکەیدا بگرین و فرمێسکەکانیان
نەبێتە هەڵم
لەژێر درەختەکانیدا
فیشەک وەک گەنم هەڵنەدرابێتەوە
باڵی پەپولە وەکو گوڵەباخە هەڵوەریوەکان
نەڕژابێتە سەر زەوی
نیشتیمانێک
کەس پێویستی بە ئاوێنە و جوانی نەبێت
دیوار بووبێتە خەونێکی دێرین
زنجیر بووبێتە ئەفسانەیەکی نەبیستراو
شەو چیرۆکی منداڵان و
پایز تەنیا لە دەفتەری یادگاری پیرەکاندا بێت
کەی دەگەڕێنەوە
پەشیمانی کۆرپەیەکی مردووە لەسەر کۆشیان
تفەنگێکی پیرە لەسەر ئەژنۆیان
چاویان بڕیوەتە پاشماوەی ئەو مۆمانەی
لەشەوە تاریکەکاندا لەسەر دەستیان هەڵیاندەکرد
چاویان بڕیوەتە ناخی پڕ لە تەمی مەرگ
کە زمان تیا ڕەش بۆتەوە و
نێوچاوان وەک هەسانی لێهاتووە
بێوەفایش
چرۆیەکی ڕەشە و لەبێشکەکەوە
نراوەتە سەر دڵیان
دەگەڕێنەوە و وێنەی خوشکە بچکۆلەکانیان
لەلێواری سەنگەرەکاندا بەجێماوە
وەک گوڵی سیسی سەر کورسی باخچەکان
کاسکێتەکانیان لەسەر بەستی پردەکان جێدەهێڵن
دێنەوە و چیرۆکی ئەو زۆنگاوانە باسدەکەن
کە بەلاشەی باڵداری مردوو
خنکاوی سەرئاو کەوتوو داپۆشراون
دێنەوە و لە کوختێکی بەجێماودا دەمرن
کەتێیدا شەونم لەسەر بەرگی کتێبەکان نیشتووە و
پەرداخەکان پڕن لە پەپوولە پایزە
ناگەڕێنەوە ژێر گڵۆپی زەردی شەقامەکان
تا "با" ی شەوگار پەنجەکانیان بتەزێنێ و
گوڵەباخ و کزەی پوشەڵان بدا بەسەر سنگیاندا
ئەوان دەیانەوێ بژین و
خوێنی کۆترە کوژراوەکان بڕژێ بەسەر ڕوومەتیاندا
"بەختیار عەلی"
تا ماتەمی گوڵ تا خوێنی فریشتە
Ещё видео!