یەکێک لەو خانمانەی بۆ جوانکاری و لەشولارێکی رێک نەشتەرگەری دەرهێنانی چەوری ورگی لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی سلێمانی ئەنجامدابوو، ئێستا بەدەست ئازارەکانییەوە دەناڵێنێت، چونکە نەشتەرگەرییەکەی بووە سەرەتای مەینەتیێک کە دوو ساڵە بەردەوامە، ئەو خانمە و دووانی دیکە لەم راپۆرتەی رووداودا چیرۆکی تراژیدیی خۆیان باس دەکەن.
قوربانییەکان نایانەوێت رووخسار و دەنگیان بناسرێتەوە، بۆیە لێرەدا تەنیا بەناوی قوربانی ناویان دەبەین.
یەکێک لە قوربانییەکان دەڵێ "بەنیازی جوانکاری بۆ دەرهێنانی چەوریی پێست، چوومە لای دکتۆرێک دوای نەشتەرگەرییەکە سووربوونەوە لە پێستم دەرچوو، چوومە لای پزیشکەکەی خۆم و نەیزانی چییە، ناردمیە لای پزیشێکی دیکە و پێی گوتم تووشی سیلی پێست بووی".
ئەو قوربانییەی نەشتەرگەریی جوانکاری دەڵێ پزیشکەکەی دەرمانی شەش مانگی بۆ داناوە، بەڵام رەوشی خراپتر بووە؛ "رەوشم خراپتر بوو، لەبەر ئازار و سووربوونەوە و هەوکردن حاڵم نەبوو. هەوکردن (کێم) بە ئازارەوە دەهاتە دەرەوە و شوێنەکەی رەش بووە، بەشێوەیەک رەش بووە، کە بۆ جوانکاری چووین، بەڵام سەقەتیکردین و تووشی کێشەی خێزانیش بووین؛ ئەم پزیشکە هیچ نازانێت".
لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی سلێمانی، حەوت کەس لەوانەی نەشتەرگەریی جوانکاریی لابردنی چەوریی ورگیان کردووە، لە مانگی 9ـی ساڵی 2020، دوای تەنیا چەند رۆژێک لە نەشتەرگەرییەکە، شوێنی نەشتەرگەرییەکەیان بووەتە برین و رەش بووە، یەکێک لە قوربانییەکان کە قسەی بۆ رووداو کردووە، چاوەڕێى دادگایە.
"هەشت مانگ ئاگام لەخۆم نەما و نزیکەی 50 ملیۆن دینارم لە چارەسەر داوە "
قوربانییەکی دیکە، کە سکاڵای تۆمارکردووە و ئێستا چاوەڕێی بڕیاری دادگایە، دەڵێ "من، هەشت مانگ ئاگام لە خۆم نەمابوو، خێزانەکەم پێیانگوتم هەشت مانگ بێهۆش بوویت و خزمەتمان کردووی، لەماوەی دوو ساڵدا، هەشت بۆ نۆ نەشتەرگەریی پاککردنەوەی ژێر پێستم بۆ کراوە".
قوربانییەکە هەروەها باسی ئەوە دەکات "نەشتەرگەرییەکە بای دوو ملیۆن دینار بووە و، (پزیشکەکە) پێی گوتم دەبێت دواتر 500 هەزار دیناریشم بەدەست بۆ بهێنیت. لەدوای تووشبوون بە بەکتریاکە 40 بۆ 50 ملیۆن (دینار)ـم خەرجکردووە بۆ چارەسەر".
مامەڵەی پزیشکەکە لەگەڵ قوربانییەکە بەجۆرێک بووە، وەک خۆی باسی دەکات "کە دەچوومە لای، دەیگوت مەیەنە ئێرە با نەخۆشەکانی دیکەم نەترسن و بڵێن وای لە نەخۆش کردووە". سەبارەت بە رەوشی تەندروستیی خۆی و ئەو کەسانەی دیکە وەک ئەو "نەشتەرگەرییەکەیان شکستی هێناوە"، گوتی "رەوشمان خراپە و، لەگەڵ هەموو هەڵسان و دانیشتنێکدا پێستەکەمان رەق بووە دەتەقێت و ئازارمان هەیە".
ئەو پزیشکەی نەشتەرگەرییەکانی ئەنجامداوە، ناو و شوێنى نوێى کارەکەی لای رووداو پارێزراوە، چونکە هێشتا تۆمەتبارە و دادگا تۆمەتەکانی بەسەردا ساخ نەکردووەتەوە. رووداو زانیویەتی جگە لەوێش، پزیشکەکە لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانیش نەشتەرگەری ئەنجامداوە.
بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە، رووداو پەیوەندیی بە پزیشکەکە کرد و پرسیی "دادگا رێگەی بە ئێوە داوە دەست بە کارکردن بکەنەوە؟" پزیشکەکە بە چەند وشەیەکی کەم وەڵامی دایەوە و، گوتی "کەیسی دادگا کاتی زۆر دەوێت بۆ داخستنی... ئیش بکەم یان نەیکەم پەیوەندیی بە رووداوەوە نییە.. یاساییە یان نایاساییە، پەیوەندیی بە وەزارەتەوە هەیە".
ئەو حەوت خانمەی نەشتەرگەرییەکەیان بۆ ئەنجامدراوە، سێیان سکاڵایان تۆمارکردووە و ئەوانی دیکە لە رێگەی ریککەوتن کێشەکەیان چارەسەر کردووە. دادگاى سلێمانى بە پێى مادەى 416، دۆسییەى ئەو رووداوانەى وەرگرتووە.
پزیشکەکە لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە سلێمانی، بەردەوامە لە کارکردن
کۆساڵان حەمەموراد، پارێزەری راوێژکار دەڵێ "جێگەی تێڕامانە ئەو پزیشکە لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەردەوامە لەکارکردن و نەشتەرگەریی ئەنجامداوە، بەڵگەمان هەیە؛ ئافرەتێک قسەی لەگەڵدا کردووە بۆ نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەوریی ورگ و (پزیشکەکە) داوای وێنەی کردووە، ئافرەتەکە وێنە بە جلەوە ناردووە، بەڵام پزیشکەکە داوای وێنەی رووتی کردووە".
پارێزەرەکە نایشارێتەوە "ئەو پزیشکە بێ باکە کە لەلایەن نەخۆشەکانەوە قسەی لەگەڵ کراوە، گوتوویەتی چیتان دەوێت، بیکەن. بەداخەوە یەک ساڵە داواکە لە دادگایە و تەنانەت رۆژی دانیشتنی دادگاییەکەش دیارینەکراوە، ئەویش لە کەمتەرخەمی دادگایە".
قوربانییەکانی جوانکاری، تەنیا لە سلێمانی نین
کچێک لە گەرمیان قوربانیێکی دیکەی سەنتەرێکی جوانکارییە و دەڵێت "باش بوو ئێمە بە زیانێکی کەم لێی دەرچووین".
کچەکە دەیگێڕێتەوە "چوومە سەنتەرێکی جوانکاری بۆ ئەوەی فیلەر بکەم، داشکاندنی زۆریان کردبوو. لەگەڵ هاوڕێکانمدا رۆیشتین و فیلەرمان کرد، دوای هەفتەیەک لێومان هەمووی هەڵقڵیشا و نەخۆشی کردین. بای 100 دۆلار دەرمانم کڕیوە بۆ چارەسەر".
بەپێی ئەنجامى لیژنەى لێکۆڵینەوەی وەزارەتى تەندروستى، رۆژى 15ـی 11ـی 2021 بڕیاریداوە بە گۆڕینى ناونیشانى زانستىی پزیشکەکە لە پسۆڕەوە بۆ نیشتەجێى دێرین و، تاوەکو ماوەى سێ ساڵ بە هەڵسەنگاندنى ساڵانە، چاودێریى دەکرێت.
لەسەر ئەم بابەتە هەریەک لە لیژنەکە، تەندروستیی سلێمانى و وەزارەتى تەندروستى نەیانویست هیچ بڵێن.
Ещё видео!