ئێستا چۆنی ؟
دڵت هەر وەکو جارانە ؟
وەکو ئەوسا حەزت لە بۆنی
بارانە ؟
ئێستا چۆنی ؟
لێوەکانت وەک خۆی ماوە ؟
خەندە و بزە جوانەکانت نەتۆراوە ؟
خۆشەویستیت بۆ گوڵ ماوە ؟
ئەو عەترەی کە یات لە دەستم
باوەڕ ئەکەی هەتا ئێستا بۆنی ماوە ؟
ئێستاش حەز بە پیاسە ئەکەی ؟
بەدەم ڕێوە کە ملی شەقامێ ئەگریت
باسی کام گۆرانی ئەکەی ؟
ئێستا چۆنی ؟
خەوی ڕەنگاوڕەنگ ئەبینی ؟
لە دوای ئەو هەموو دورییە
داهاتوو هەر گەش ئەبینی ؟
حەزت لە پەمەیی ماوە ؟
خۆشەویستی لە ناو ڕۆحتا
هێلانەکەی نەڕوخاوە ؟
ئێستا چۆنی ؟
هیوام وایە دەستەکانت گەرمی مابێ
ئەم داوایە لە خوا ئەکەم
ئاه و نزا و
هەناسەی ساردی بێ تۆییم
خۆشییەکانتی تێک نەدابێ
ئێستاش حەزت لە گڕی
بچۆکۆلەی مۆمە ؟
ئێستاش هەروەکو ئەوسا وای ؟
زوو زوو ئەڵێی خەمی تۆمە ؟
وا هەست ئەکەم زۆر گۆڕابی
بۆنی جارانت بۆم نایە
هەرچەن سەیری چاوت ئەکەم
وێنەکانت ئەمدیو و ئەودیو پێ ئەکەم
لە خۆت ناچێ
ئەڵێی بەدەم باوە ڕۆشتووی
هەرچی ئەکەم تۆم بیرناچێ
هیچم ناوێ
بەس ئەپرسم ئێستا چۆنی ؟
دەستت بیری دەستم ناکا ؟
گوێچکە بچکۆلانەکانت
ئێستا بیری دەنگم ناکا ؟
پێت ئەوتم عاشقی خۆر هەتاوم
بە تایبەتی ئاوا بوونی
هەر ئەبوو ئەوسا زانیبام
کە بەتەمای جێهێشتن و بزر بونی
ئەستێرەکانت بیر ماوە
کە شەوان بۆم ئەژماردی ؟
ئەو وێنانەت لەلا ماوە
کە جار بە جار بۆم ئەناردی ؟
دڵت چۆنە ؟
ئێستاش پڕیەتی لە گریان ؟
ئەگەر تۆزێک بیرم بکەی
شەڕ ئەفرۆشی وەکو جاران ؟
لەسەر بەڵێنەکەت ماوی
مناڵێکی جوانمان ئەبێ ؟
بیرتە ئەدوت وای فێر ئەکەم
هەموو دنیای بەس بابە بێ ؟
ئێستا چۆنی
کوای چیت لێهات ؟
تەنها وڕێنەی شەوان بوو ئەم قسانە ؟
ئێستاش هەر بە خەیاڵ ئەژیم
چاوەڕێم ببن بەڕاستی ئەو ڕۆژانە
نەوژین سۆران
Ещё видео!